factograf
CKB

توانستی بکەر بۆ ئەوەی دوایین سەرچاوە و ئاخێزگەی ھەڵبژاردنەکانی خۆی بێ، ئازاد لە ناچارکەرە دەرەکییەکان

خواستی ئازاد

خواستی ئازاد یا ئیختیار بریتییە لە دەستبەرەڵاییی ئینسان بۆ ھەڵبژاردنی یەکێک لە چەند کاری گونجاو، یا توانستی بۆ بەدەستەوەگرتنی جڵەوی کردەوەکانی، بە چەشنێک کە بەرپرسیارەتیی کردن یا نەکردنیان بکەوێتە ئەستۆی. خواستی ئازاد سەرچاوە و ئاخێزگەی ھەرەدوایینی کارەکان و کردەوەکانی ئینسانە.

تیۆریگەلی جۆراوجۆر ھەن دەرھەق بە چییەتی و سروشتی خواست و، ئەوەی کە ئایا ئینسان لە کردەوەکانی خۆیا ئازادە و ئیختیاری ھەیە یان ناچارە؟ ئەگەر ئازادە، ئەو ئازادییە چۆن لەگەڵ زانستی خوا و ھۆکارگەلی سروشتیی کاریگەر لەسەر بڕیارەکاندا دەگونجێ؟

ھەندێ لە فەیلەسووفان و ھزرڤانان وای بۆ دەچن کە ئازادبوونی خواست و ئیرادەمان لە ھەڵبژاردنەکانماندا خۆی نیشان دەدا؛ ئەو ھەڵبژاردنانە کە ڕووداوەکانی ڕابوردوو کاریان تێ نەکردبێ و یەکلایییان نەکردبێتەوە. بە پێچەوانەوە، دیتەرمینیستەکان باوەڕیان وایە کە لە جیھانی سروشتدا پەیوەندییەکانی ھۆ و بەرھۆ حاکمن و، ئەو ڕێگایەی ڕووداوە یەک لەدوای یەکەکان دەیبڕن تاقە ڕێگای مومکینە.

دیتەرمینیزم

دیتەرمینیزم ئەو باوەڕە فەلسەفییەیە کە دەڵێ ھەر ڕووداوێ ھۆکردی ڕووداوگەلی پێشووترە. تیۆرییەکی مێتافیزیکییە بەم بڕیارەوە کە ھەر شتێ پێویستە ھەر ئەمە بێ کە ھەیە و، ھیچ ڕێی تێ نەدەچوو بە چەشنێکی تر بوایە. دیتەرمینیزم حاشا لە بوونی ھەڵبژاردنی ڕاستەقینە دەکا و پێی وایە ئێمە بێدەسەڵاتین لەوە کە چی ھەڵدەبژێرین. سەرچاوەی کردەوەکانمان نییە لە ناوەوە و، لەغاوی خواست و ئیرادەمان نییە بە دەستی خۆمانەوە. دیتەرمینیستەکان دەڵێن ڕووداوەکانی جیھان شوێن نەزم و یاسایەکی ھەتاھەتایی کەوتوون. ئەم نەزمە جیھانییە ھەر ئەوەیە کە پێی دەڵێن «یاساکانی سروشت»؛ شووشە کە بەردی بەر بکەوێ دەشکێ، زەوی بە دەوری خۆرا دەخولێتەوە و شەو و ڕۆژ بە دووی یەکترا دێن، گرانیی زەوی تەنەکان بەرەو لای خۆی ڕادەکێشێ و، زۆر شتی تری وەک ئەمانە. ئەو پێویستییەی دیتەرمینیزم باسی دەکا، بەرھەمی ڕووداوەکانی ڕابوردوو و یاساکانی سروشتە. ڕابوردوو شێوە بە داھاتوو دەدا، واتە ڕابوردوو دەبێتە ھۆی ئەوەی کە داھاتوو ڕێک ھەمان بێ کە دەبێ ببێ.

Read next

In 122 languages

Text from Wikipedia, CC BY-SA 4.0 · Source article